شاعیر: سەید محەممەد تاهیر هاشمی
کتێب: ھەوارگەی دڵان
سەرناو: ئەی هەمنەفەسی نەسیمی جەننەت

ئەی هەمنەفەسی نەسیمی جەننەت
ئەی لابەری دەرد و ڕەنج و میحنەت

ئەی مایەیی عیشق و سۆز و ناڵین
ئەی وادییی ئولفەت و موحەببەت

ئەی نەفحەگەری عەبیری سارا
ئەی بەشدەری ئاهووانی تەببەت

هەم مەعدەنی عەیش و شادمانی
هەم مەنبەعی پەستی و مەشەققەت

توڕڕەت سەبەبی جەفا و خاری
جەبهەت سەری خۆشی و مەسەڕڕەت

باڵا وەکوو نەخڵی کامەرانی
هیجران هەموو خواری و مەزیللەت

لەعلت بە شیفا وەکوو مەسیحا
گیانبەخش و ڕەحیق و پڕ مەوەددەت

غەمزەت بە شیفا وەکوو سکەندەر
غارەتگەر و سەخت و بێ مورووەت

زەهرە هەموو زاهیری کەلامت
یەعنی هەموو ڕۆح و ڕاح و ڕاحەت

ڕوخ مەتلەعی سوبحی نەوجوانی
خۆش مەنزەر و پاک و باسەباحەت

لەب چەشمەیی ئاوی زیندەگانی
شیرینە بەڵام لەگەڵ مەلاحەت

غەیر زوڵفی ئەتۆ نییە عەزیزم
سەرڕشتەیی عیززەت و سەعادەت

غەیر چاوی ئەتۆ نییە نیگارین
ئاشووبی جیهانی پوڕ موسیبەت

وەسڵت چییە؟ موڵک و پادشاهی
هیجرانت؟ ئەمن دەخاتە نیکبەت

خاکی دەری تۆیە زێڕ و زێوم
چیم داوە ئەمن لە ماڵ و میکنەت

دەرکەوت تەلیعەیی سەعادەت
تا دڵبەری من نوواندی تەلعەت

تا کەی لە فیراقی تۆ بکێشم
باری غەم و دەرد و ڕەنج و سەخڵەت

مەعنایی منت ئەگەر بدیبا
بەم چەشنە نەبووی ئەسیری سوورەت

گەر تۆ دەبڕی بەراتی تاهیر
زۆر چاکە بەڵام بە سەبر و موهڵەت